وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە لە شەوی رابردوودا، 1,015 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن)ی ئوکراین لە ناوچە جیاجیاکانی فیدراسیۆنی روسیا خستووەتە خوارەوە و تێکیانشکاندوون.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو درۆنانە لە ئاسمانی چەندین ناوچە و هەرێمدا تێکشکێنراون، لەوانە: بێلغۆرۆد، بریانسک، فلادیمیر، کالوغا، کورسک، لێنینگراد، نۆڤغۆرۆد، ئۆریۆل، پسکۆڤ، ریازان، سمۆلێنسک، تفیر، تۆلا، مۆسکۆ، کڕاسنۆدار، کۆماری قرم و هەروەها لەسەر ئاوی دەریای رەش.

لای خۆیەوە، ئەلیکساندەر بیگلۆڤ، حاکمی شاری سانت پترسبۆرگ، رایگەیاند کە بەهۆی هێرشێکی بەرفراوانی درۆنیی ئوکرانیاوە بۆ سەر شارەکە، کەسێک کوژراوە و پێنج کەسی تریش بریندار بوون و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن، هەروەها زیان بە 12 باڵەخانەی نیشتەجێبوون و دوو خانووی تایبەت گەیشتووە.

شایەنی باسە، رۆژی رابردووش وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاندبوو کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ماوەی تەنها یەک رۆژدا 654 درۆنی ئوکرانی و مووشەکێکی "هایمارس"یان تێکشکاندووە.