بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، نەخۆشخانەی ددانی فایەق حاجی عەلی کرایەوە کە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی بەبێ بەرانبەرە بۆ خزمەتی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و ئۆتیزم لەسەر ئەرکی خێرخواز سامان فایەق بنیاتنراوە.

ئەمڕۆ بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی و ژمارەیەک لە لێپرسراوان و کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی، نەخۆشخانەی فایەق حاجی عەلی کرایەوە.

سەبارەت بە هەنگاوە خێرخوازییەکانی سامان فایەق بۆ خزمەتی شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان، یادگار فایەق لە وتەیەکدا رایگەیاند، ئەم نەخۆشخانەیە جگە لە خزمەتکردنی منداڵانی توشبوی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستیی تایبەت بەبێ بەرانبەر، نەخۆشخانەکە ناوەندێکی توێژینەوە و فێرکاری و هۆڵی سەردەمییانە لەخۆ دەگرێت بۆ خزمەتی خوێندکارانی بواری پزیشکیی ددان.

ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ خزمەتی کەرتی پەروەردە و خوێندن لە کوردستان، سامان فایەق بە هەماهەنگی لەگەڵ نوسینگەی قوباد تاڵەبانی دەستیکردوە بۆ دروستکردنی 18 خوێندنگەی مۆدێرن لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.

بۆ خزمەتی بواری ئایینی و کۆمەڵایەتیش، خێرخواز و سەرمایەداری کوردستان سامان فایەق لە شاری سلێمانی یەکێک لە گەورەترین مزگەوتەکانی ناوچەکە بۆ خزمەتی سەرجەم چین و توێژەکان بنیات دەنێت.