بانکی ناوەندیی عیراق: گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ژمارەیەک کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەڵگیرا
سەوسەن سەید
١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
بانکی ناوەندیی عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، رایگەیاند کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزاکانی سەر ژمارەیەک کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی لە عیراق هەڵگرتووە، دوای ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە هەموو پێوەرەکانی پێڕەوکردن و پابەندبوونیان جێبەجێ کردووە، بەمەش دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران.
بانکی ناوەندی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە: ئەم بڕیارە دوای دڵنیابوونەوە بووە لە جێبەجێکردنی پێوەرە پەسەندکراوەکانی پابەندبوون لەلایەن کۆمپانیا پەیوەندیدارەکانەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پابەندبوون بە رێنماییە چاودێرییەکان و رێکخستنی پرۆسەکانی فرۆشتنی دراوی بیانییە بەپێی چوارچێوە پەسەندکراوەکان.


