پیسیی ئاوی خواردنەوە لە حەویجە زیاتر لە 150 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کرد
سەوسەن سەید
٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە سنووری ناحیەی ریازی سەر بە قەزای حەویجە، زیاتر لە 150 کەس بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەوە دۆخی تەندروستییان تێکچووە و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی قەزاکە.
بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکانی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوک، هۆکاری روداوەکە بۆ کەمتەرخەمی لە پڕۆژەی ئاوی ناحیەی ریاز دەگەڕێتەوە لە کاتی دابەشکردنی ئاودا؛ بەوهۆیەی مادەی کلۆر بەپێی پێویست بەکارنەهێنراوە یان بەتەواوی فەرامۆش کراوە، ئەمەش زیانی تەندروستیی بە دانیشتووانی ناوچەکە گەیاندووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی نەخۆشەکان تووشی سکچوون و رشانەوە بوون.
روداوەکە لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بە درێژایی دوو رۆژ رویداوە؛ بە جۆرێک لە رۆژی یەکەمدا 70 کەس و لە رۆژی دووەمدا 80 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
لە ئێستادا لیژنەیەکی تایبەت بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی پڕۆژەکەیان کردووە و لێکۆڵینەوەکان بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامی کۆتایی بەردەوامن.


