فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا: لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 170 ئامانجی سەربازییمان لە ئێران پێکاوە
سەوسەن سەید
٩ی تەمووزی ٢٠٢٦
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند: لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانیان ئەنجامداوە و تێیدا زیاتر لە 170 ئامانجی سەربازیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
ئەمەش وەک گەورەترین پەرەسەندنی سەربازیی لە جۆری خۆی لە ناوچەکەدا دادەنرێت، هاوکات جەختیش کراوەتەوە کە هێرشەکان توانایەکی سەربازیی هەستیاری ئێرانیان پەکخستووە.
لە راپۆرتێکدا کە رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری فەرماندەیی ناوەندییەوە بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکان بە شێوەیەکی ورد سەرنجیان خستووەتە سەر جومگەکانی هێزی سەربازیی ئێران، بە جۆرێک تێکشکاندنی سیستمە پێشکەوتووەکانی بەرگریی ئاسمانی، پێگە ستراتیژییەکانی کۆگا و ئامادەکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆن)، و سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەکی گرتووەتەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی جەختی کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکان ژێرخانی لۆجستیی گرنگیشیان لەسەر درێژایی کەناراوەکانی ئێران لە نزیک گەروی هورمز کردووەتە ئامانج، ئەمەش لێدانێکی راستەوخۆیە لە تواناکانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی رێڕەوە دەریاوانییە نێودەوڵەتییەکان.



