لەهەنگاوێکی نوێدا بەئاراستەی خزمەتکردن بە خوێندنی دایک لەناوچە جێناکۆکەکان، فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغداد پشتیوانی بەردەوامی خوێندنی کوردیی لە خانەقین دەکات.

سروە محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عیراق بەکوردسات نیوزی راگەیاند، رەزامەندی وەزیری پەروەردەی عیراقیان وەرگرتوە کە هیچ خوێندنگەیەکی سەر بەخوێندنی کوردیی لە قەزای خانەقین دانەخرێت.

بەپێی نوسراوەکەی ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ وەزیری پەروەردە رونکراوەتەوە، خوێندنی کوردیی لە خانەقین بەدەربکرێت لە بڕیار و رێنماییەکان کە لە دەستەی نەزاهەی عیراقەوە دەرکراون و دەڵێت ژمارەی قوتابخانەکان کەمبکرێتەوە کە ژمارەی خوێندکاریان کەمە و لەخوێندنگەیەکدا کۆبکرێنەوە.

سروە محەمەد راشیگەیاند، وەزیری پەروەردەی عیراق رەزامەندیداوە کە خوندنگەکانی خوێندنی کوردیی لە خانەقین ئەو رێنماییانەی دەستەی نەزاهە نەیانگرێتەوە و لە داهاتووشدا، خوێندنگەکانی خوێندنی کوردیی لە خانەقین وەک خۆیان بمێننەوە و کەمنەکرێنەوە.

ئەو هەنگاوەی پەرەمانتارەکەی یەکێتی، خزمەتێکی گەورە بەخوێندنی کوردی لە ناوچە جێناکۆکەکان دەکات.