پێگەیەكی ئەمریكی رایگەیاندووە، لە كۆبونەوەی زەیدی و وەزیری دەرەوەی ئێران گرژی دروستبووە لەسەر گروپە چەكدارەكان، زەیدی وتویەتی، پێویستیان بە راوێژكارانی سوپای پاسداران نەماوە.

پێگەی ئەلحورە لە زاری سێ سەرچاوەی عیراقی بڵاویكردووەتەوە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆتاییەكانی مانگی حوزەیران دوو دیداری جیاوازی لەگەڵ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودس ئەنجامداوە و كۆبوونەوەكان گرژییەكی روونی پێوەدیار بووە، بەهۆی پرسی گروپە چەكدارەكانەوە.

زەیدی راستەوخۆ پرسی گروپە چەكدارەكانی وروژاندووە لە میانی دیدارەكەیدا لە عراقچی پرسیوە، ئایا رازی دەبن من كۆنتڕۆڵی كاروباری ئەمنی یان سەربازیی ئێوە بكەم؟ دەستوەردان لە كاروبارتان قبوڵ دەكەیت؟ ئایا رێگەم پێدەدەن گرووپی چەكدار دروست بكەم؟.

زەیدی وتویەتی، كەواتە بۆچی رێگە بەخۆتان دەدەن گروپە چەكدارەكان بەهێز دەكەن لەسەر حیسابی دەوڵەت.

زەیدی بە دەنگی بەرز بە قائانی وتووە، پێویستە ئێران پشتیوانی دەوڵەتی عیراق بکات نەک گروپە چەكدارەكان.