حکومەتی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، گەڕی داهاتووی دانوستانەکانی لەگەڵ لوبنان، هەفتەی داهاتوو لە پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی دوای راگرتنی شەڕ.

جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کەمتر لە دوو هەفتە پێش ئێستا، ئیسرائیل و لوبنان و ئەمریکا گەیشتنە رێککەوتنێکی چوارچێوەیی مێژوویی، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو ئەم دانوستانانە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەردەوام بن.

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن؛ کە مانگی رابردوو رێککەوتنێک لە نێوان تاران و واشنتۆن ئیمزاکرا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە لە 21ـی حوزەیرانی رابردووەوە ئاگربەست لە لوبنان دەستیپێکردووە، سەرەڕای ئەوەش، ئیسرائیل "ناوچەیەکی ئەمنی" بە قوڵایی 10 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی لوبنان هێناوەتە ئاراوە و رێگری لە گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی دەکات، هاوکاوت بەردەوامە لە وەشاندنی گورزی سەربازیی بە تایبەتی لە دەوروبەری شاری نەبتیە.

سەرەڕای کەمبوونەوەی ئاستی گرژییەکان، ئیسرائیل جاروبار هێرشدەکاتە سەر باشوری لوبنان بەبیانووی بەئامانجگرتنی ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵا، لە بەرانبەریشدا هەردوولا یەکتر بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن، هاوکات هەر بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM)، سەرەڕای پێشێلکارییەکان، رێککەوتنەکە بووەتە هۆی گەڕانەوەی زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە دوای ٢٢ـی حوزەیرانەوە.

جێی ئاماژەیە، دوای پێنج گەڕی دانوستان، لوبنان و ئیسرائیل لە 26ـی حوزەیراندا بە چاودێری ئەمریکا رێککەوتنێکی چوارچێوەییان ئیمزاکرد.