وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: هەر زیانێک ئێران بە هاوپەیمانانمانی بگەیەنێت لە هەژمارە بانکییەکانی دەبڕین
سەوسەن سەید
١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند کە هەر زیانێک ئێران بە هاوپەیمانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کەنداودا بگەیەنێت، لە هەژمارە بانکییەکانی ئەو وڵاتە دەبڕدرێت.
بێسێنت وتی: ئێران ئەو یارییە دۆڕاوە کە دەیکات، هەر زیانێک بە هاوپەیمانانمان لە کەنداو بگەیەنێت، باجەکەی لەو پارانە دەدات کە لە هەژمارەکانی ئێران دەبڕدرێن.
هۆشداریشی دا کە: هەر باجێکی تێپەڕبوون کە بدرێت بە دەستەی گەروی کەنداوی عەرەبی، لە بەرامبەردا پارە لە هەژمارەکانی ئەوان دەبڕدرێت، دووپاتیشی کردەوە کە هەر هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە تەنها دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی ئەو دەرئەنجامە ئابوری و داراییانەی کە ڕروبەروی دەبنەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بارەگای "خاتەمو ئەنبيا"ی ئێرانی رایگەیاند: لەم ساتەوە، بەهۆی ناسەقامگیریی باری تەناهی لە ناوچەکە، داخستنی گەروی هورمز بەروی هاتوچۆی سەرجەم جۆرەکانی کەشتیاندا رادەگەیەنین.
ئەم گرژییە سەربازییەی ئێستا، رۆژی دووشەممەی رابردوو کاتێک دەستی پێکرد کە کۆپتەرێکی جۆری "ئەپاچی" ئەمریکی لە نزیک گەروی هورمز خرایە خوارەوە، ئەو روداوەش زنجیرەیەک هێرشی تۆڵەسەندنەوەی لێکەوتەوە کە خاکی ئێران و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ناوچەی کەنداو گرتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکی رونیان کردووەتەوە کە هێرشەکانی ئەم دواییەی واشنتۆن، سیستمەکانی چاودێری، تۆڕەکانی پەیوەندی و پێگەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیان کردوەتە ئامانج، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەوەی کە بە دەستدرێژی بەردەوامی ئێران لە ناوچەکەدا ناویان بردووە.



