دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند،  فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێرش و بۆردوومانانەی داوە کە بڕیار بوو ئەمشەو بکرێنە سەر ئێران، ئەوەش دوای گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ ئێران لە بەرانبەردا میدیاکانی ئێران گەیشت بە رێکەوتن رەتدەکەنەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بۆردوومانەکە دوای ئەوە هاتووە کە دانوستانەکان لەگەڵ تاران گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتی و لایەنی ئێرانیش رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە.

 دۆناڵد ترەمپ لە پەیامەکەیدا لە تروس سۆشیال جەختی لەوە کردوەتەوە، کە خاڵە کۆتاییەکانی ئەم رێککەوتنە لەلایەن ئەمریکا، ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، تورکیا، پاکستان، بەحرەین، کوێت، ئوردن، میسر و چەندین وڵاتی دیکەوە پەسند کراوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە،تەواوی لایەنەکان رێککەوتنەکەیان قبوڵ کردووە و ئێمە هێرش ناکەینە سەر ئێران گەمارۆی دەریایی سەر ئێران وەک خۆی کاری پێدەکرێت و بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت.

لە دوای پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ ئاژانسی فارس، لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە رایگەیاندوە، تا ئێستا بە هیچ یاداشتێک لەگەڵ ئەمریکا رازی نەبوون و ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا دەیڵێت دورە لە راستییەوە.