فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا هۆشداری توند دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیەنێت، ئەگەر واشنتۆن هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی، ئاگری جەنگە تەواوی ناوچەکە و جیهان دەگرێتەوە و رێگری لە هەناردەکردنی نەوتیش دەکەن.

فەرماندەی خاتەمولئەنبیای سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداری توند دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئەمریکا جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەر ئێران، وەڵامەکەیان زۆر توندتر دەبێت لە جاران و ئاگری ئەم شەڕەش تەنها لە ناوچەکەدا قەتیس نامێنێت، بەڵکو بە شێوازێکی بەربڵاوتر پەرەدەسێنێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا تووشی دژایەتییەکی ئاشکرا بووە؛ چونکە لە لایەکەوە باس لە رێککەوتن و دانوستان دەکەن و لە لایەکی دیکەشەوە دەست دەکەن بە تێکدان و توندوتیژی، ئەم دژایەتییە لە رەفتار و گوتاری ئەمریکاشدا بە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیریی ناوچەکە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی بازرگانی و ئابووریی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە گەروی هورمزد دادەنرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا رایگەیاندوە، سەرکردەکانی ئەمریکا بەهۆی شارەزانەبوون  و نەناسینی گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکانی، کەوتوونەتە ناو خولگەیەکی پووچەوە و پشتبەستن بە درۆی بەردەوام نیشانەی ئەم بێسەروبەرییەیە.

فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە واشنتۆن ناتوانێت لە رێگەی پڕوپاگەندە و جەنگی راگەیاندنەوە شکستە یەک لەدوای یەکەکانی خۆی لە بەرانبەر ئێراندا بشارێتەوە.

 لە کۆتاییشدا بە ئاماژەدان بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی نەوتی ئێران، هۆشدارییەکی رون و یەکلاکەرەوەی داوە و دەڵێت؛ یان هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ هەمووان دەبێت، یان بۆ هیچ کەسێک رێگەپێدراو نابێت.