قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان میوانی بەرنامەی "بێسانسۆر"ـی پیەرس مۆرگان بوو و تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی جیهان و چارەنووسی ئاگربەستەکەی نێوان ئەمریکا و ئێرانیان کرد.

قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی پرسیارێکی پیەرس مۆرگاندا رایگەیاند، سەرسام بووم کە سەرۆک ترەمپ قسەکانی منی
بڵاوکردووەتەوە و پێم خۆش بوو، بەڵام سەرسامیش بووم بەو گرنگی پیدانە.

لەبارەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و چارەنووسی ئاگربەستەکە، قوباد تاڵەبانی وتی: ئەگەر ئەمریکا و ئێران راستەوخۆ پێکەوە دانوستان بکەن وڵاتانی دیکە دەستوەردان نەکەن، ئەوا دەگەنە رێککەوتن، بەڵام مەرجی سەرەکیی رێککەوتنیان ئەوەیە کە تەنها باسی موشەکی بالستیکی و چەکی ئەتۆم نەکەن، بەڵکو باسی بازرگانی و وەبەرهێنانیش بکەن، بۆ
ئەوەی هەردوولا هەست بکەن سوودمەند بوون.

ئەوەشی خستەڕوو: گەشبینم کە ئەمریکا دەتوانێت رێککەوتنێکی باش لەگەڵ
ئێران بکات و جەنگەکە کۆتایی پێ بهێنێت، چونکە ئێران ماندووە لە گەمارۆی ئابووری و دەیەوێت بگەڕێتەوە ناو بازاڕی جیهانی.