فەرماندەی سێنتکۆم سەردانی گەروی هورمزی کرد و جەخت لەسەر ئاسایشی دەریایی دەکاتەوە
محەمەد رزگار
٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
فەرماندەی سێنتکۆم سەردانی گەروی هورمزی کرد و رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانیان لە مینە دەریاییەکانی سوپای پاسداران پاککردووەتەوە.
براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم'، لە رێگەی فڕۆکەیەکی سەربازییەوە سەردانی گەروی هورمزی کرد بۆ چاودێریکردنی ڕەوشی ئەمنی و دەریایی ناوچەکە.
بەپێی راگەیەنراوێکی سێنتکۆم، لە شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە سێ هەزار کەشتیی بازرگانی بە پاڵپشتیی هێزەکانی ئەمریکا بە سەلامەتی لە لە گەروی هورمز تێپەڕیون.
براد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند، بەردەوامن لە دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەروی هورمزدا.
راگەیەنراوەکەی سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکردووە، جووڵەی دەریایی دوای ئەوە ئاسایی بووەتەوە کە هێزەکانی ئەمریکا توانویانە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکان لەو مینە دەریاییانە پاک بکەنەوە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دانرابوون.
ئەوەشخراوەتەڕوو، زیاتر لە 95٪ـی کەشتییە بازرگانییەکان لە چەند مانگی رابردوودا بەبێ ئاستەنگ تێپەڕیون، ئەمەش نیشانەی باڵادەستیی ئەمریکا و هاوبەشەکانیەتی لە کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی ئەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەدا.


