بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی دوو کەس کە بە تاوانی دزیکردن و گیرفانبڕین لەناو مزگەوتەکانی شاری سلێمانی تۆمەتبارکراون، راگەیاند.

دەقی راگەیەنراوەکە: 

مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕی سەر بە بەشی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیمان، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە لەپێش دەستپێکی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە و لەکاتی بەجێهێنانی فەریزە ئاینییەکان، گیرفانی نوێژخوێنانیان لەناو مزگەوتەکاندا دەبڕی و دزیان دەکرد.

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا و لەپێش دەستپێکی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، دیاردەی دزیکردن و گیرفان‌بڕین لەناو مزگەوتەکانی ناوبازاڕی شاری سلێمانی سەری هەڵدابوو، هەردوو تۆمەتبار بە قۆستنەوەی قەرەباڵغیی ناو مزگەوتەکان و کاتی بەجێهێنانی فەریزە ئایینییەکان، هەستابوون بە دزینی پارەی ناو گیرفانی نوێژخوێنان لەناو مزگەوتەکاندا.

پاش کۆکردنەوەی زانیاری و تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن چەند هاووڵاتییەکەوە، هێزەکانی بەشی نەهێشتنی تاوان بەدواداچوونی وردیان بۆ ئەم بابەتە دەستپێکرد بەئاگاداری بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوە. سەرئەنجام لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕەوە لەسەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەو بەسوود بینین لەکامێراکانی چاودێری توانرا هەردوو تۆمەتبار (م، غ، ح) لەدایکبووی 1986 و تۆمەتبار (ن، ج، ت) لەدایکبووی 1961 دەستگیر بکرێن.
لە ئێستادا تۆمەتباران بە فەرمانی بەڕێز دادوەر و بەپێی ماددەی (446) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە کەتۆمەتباری یەکەم تۆمەتبارە بە 13 تاوانی دزیکردن، تۆمەتباری دووەمیش فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕ و بنکەی پۆلیسی شارەزور و نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردسات لەسەر تاوانی دزی کردن
.

راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلیمانی