سەفین غەفور، راوێژکاری باڵای جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە پانێڵیکدا لە ژێر ناوی "گەروی هورمز: ناسەقامگیری جیهانی و نەزمی ئابوری نوێ" لە کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی ئابووری دێڵفی بەشداربوو.

لە پانێڵەکەدا سەفین غەفور ئاماژەیدا بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی داخستنی گەروی هورمز لەسەر بازاڕی وزە و ئابوری جیهان و ناوچەکە کە ئەگەر بێتو بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت زیانی زۆر بە ئابوری وڵاتانی هەناردەکاری وزە دەگەیەنێت، بە تایبەتیش عیراق کە لە قۆناغی سەرەتای گەشەسەندنی ئابوریدایە و بۆ دابینکردنی نزیک بە 90٪ بودجەکەی پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت.

سەفین غەفوور باسی لەوەشکرد، لەم قۆناغەدا پێویستە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداد پێکەوە کاربکەن تا توانای هەناردەکردنی نەوت لەڕێی هێڵەکانی بۆری لە تورکیاوە زیاتر بکەن و هەروەها پلان بۆ جێگرەوەی دیکەش دابنێن، چونکە ساڵانێکی زۆرە ناوچەکە بەردەوام بەرەو ناسەقامگیری هەنگاو دەنێت و هەردەم ئەگەری ئەوە هەیە لە شوێنێکەوە گرفت بۆ هەناردەکردنی وزە دروست ببێت.

هەر لەم چوارچێوەیەدا راوێژکاری باڵای قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە پلان و سیاسەتی ئابوری جێگری سەرۆک وەزیران کرد، کە ساڵانێکە هەوڵ دەدات بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمتر پشتبەستن بە نەوت، روونیکردەوە حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێم پێویستە پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە تا لە داهاتوودا کەمتر شەڕ و ئاڵۆزییەکان ئابوری عیراق و کوردستان بخاتە مەترسییەوە.