وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێکی نوێی بۆ لێخۆشبوونی سزای دارایی کەسانی بیانی دەرکرد
١٥ی نیسانی ٢٠٢٦
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەرژەوەندی گشتی و کارئاسانی بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانیانەی بەهۆی بارودۆخی نەخوازراوی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە نەیانتوانیوە گەشت بکەن یان مامەڵەی نشینگەکانیان رای بکەن، بڕیارێکی تایبەتی بە لێخۆشبوون لە سزای دارایی دەرکرد.
بڕیارەکان بەم شێوەیەن:
1. گەڕانەوەی ئەوانەی نشینگەیان بەسەرچووە
ئەو کەسانەی لە دوای 28ی شوباتی 2026ەوە نشینگەکانیان بەسەرچووە و لە دەرەوەی هەرێم بوون، دەتوانن تاوەکو 30ی نیسانی 2026 بە هەمان کارت بگەڕێنەوە. پاشان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بەبێ سزای دارایی بۆیان نوێ دەکرێتەوە. بەڵام دوای ئەو ڕێکەوتە، هەر کەسێک بێتەوە پێویستی بە ڤیزای نوێ دەبێت.
2. لێخۆشبوون بۆ گەشتکردن و نوێکردنەوەی پاسپۆرت
ئەو بیانیانەی بەهۆی شەڕەوە گیریان خواردووە و نشینگەیان بەسەرچووە، یان کێشەی بەسەرچوونی پاسپۆرتیان هەبووە:
ئەگەر بییانەوێت تا 30ی نیسانی 2026 گەشت بکەن، بەبێ سزای دارایی مۆری دەرچوونیان بۆ دەکرێت.
ئەوانەشی بەڵگەی فەرمییان هەیە کە مامەڵەی پاسپۆرتیان بەهۆی بارودۆخەکەوە دواکەوتووە، لە سزای دارایی دەبوردرێن.
3. گەشتیاران و گۆڕینی ڤیزا بۆ نشینگە
سەبارەت بەو گەشتیارانەی لە دوای 28ی شوباتەوە ماوەی ڤیزاکانیان بەسەرچووە: دەتوانن تا 30ی نیسان لەرێگەی فڕۆکەخانە و مەرزەکانەوە بەبێ سزا گەشت بکەن.
ئەوانەشی خوازیارن ڤیزاکانیان بکەن بە نشینگە، بەپێی رێنماییەکان و بەبێ سزای دواکەوتن مامەڵەیان بۆ رایی دەکرێت.



