زانکۆی سلێمانی تاقیکردنەوەیەکی بێبەرانبەر بۆ دیاریکردنی ئاستی ئایەڵتس ئەنجام دەدات
١٥ی نیسانی ٢٠٢٦
ئامادەکاری بۆ خولێکی نوێی ئایەڵتس؛ زانکۆی سلێمانی تاقیکردنەوەیەکی بێبەرانبەر ئەنجام دەدات.
لە کەشێکی ئەکادیمیی شایستەدا، بەڕێوەبەرایەتیی سەنتەری زمان و کولتوور لە زانکۆی سلێمانی، تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی بۆ زیاتر لە 100 فێرخواز و خوازیارانی بەشداریکردن لە خولی ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی IELTS ئەنجام دا.
سەبارەت بە پرۆسەکە، د. فازیل جەمال، بەڕێوەبەری سەنتەری زمان و کولتوور رایگەیاند: "ئەم تاقیکردنەوەیە بە شێوەیەکی زانستی و بە بێ بەرانبەر بەڕێوەچوو؛ ئامانجمان دەستنیشانکردنی ئەو فێرخوازانەیە کە ئاستیان شایستەیە بۆ بەشداریکردن لە خولی چڕی ئامادەکاری ئایەڵتس، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست پێ بکات."
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، خولی نوێی ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی IELTS، لە لایەن مامۆستایانی پسپۆڕ و ئەکادیمییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بە وردی پلانی بۆ دانراوە بە مەبەستی پەرەپێدانی هەر چوار کارامەیی بنەڕەتیی زمان 'گوێگرتن ، خوێندنەوە، نوسین و قسەکردن'(Listening, Reading, Writing, Speaking).
بەڕێوەبەری سەنتەری زمان و کولتوور، ئەوەشی خستەڕوو، بەشداربووان لە رێگەی ڕاهێنانی چڕ و ئاشنابوون بە نوێترین تەکنیک و ستراتیژییەکانی وەڵامدانەوە، ئامادە دەکرێن تا بە متمانەیەکی تەواوەوە نمرەیەکی بەرز لەم تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەدا بەدەست بهێنن و داهاتوویەکی سەرکەوتوو بۆ خۆیان گەرەنتی بکەن.



