سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی شارەکەی ئەنجامداوە کە 1250 ژینگەپارێز بەشداربوون. 

سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی رایگەیاندووە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026، سەرباری پشووی رەسمی، بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ژینگەپارێزی دڵسۆز و ماندوونەناس و کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، هەڵمەتێکی فراوانی شوشتن و خاوێنکردنەوەی شەقامە سەرەکییەکان و یەکتربڕ و ئەندەرپاسەکانی شاری سلێمانی ئەنجامدرا.

شارەوانی سلێمانی دەشڵێت: هەڵمەتەکەی ئەمڕۆ، بە بەشداری 1250 ژینگەپارێز و چاودێر بە بەکارهێنانی 20 تانکەری ئاو و 13 ئامێری گسدان بەشێکی زۆری شەقامە سەرەکییەکان و دەروازەکانی هاتن و دەرچوونی شاری سلێمانی و پرد و بەرزەپرد و یەکتربڕەکان کاری شوشتن و خاوێنکردنەوەیان بۆ ئەنجامدرا، لەگەڵیدا کاری پاککردنەوەی تۆڕی ئاوەڕۆکان و مەنهۆڵەکان و لابردنی ئەو قوڕ و لیتەیەی بەهۆی باران بارینی بەهێزی ماوەکانی رابردووەوە لەسەر شەقامەکان مابوویەوە بەڕێوەچوو، ئەم هەڵمەتەکە بەردەوامیی دەبێت و بەیانی بەهەمان میکانیزم هەموو شەقامە سەرەکییەکان و بازاڕ و ناوەندی پارێزگای شاری سلێمانی و ناوچە گەشتییاریەکانی ئەزمەڕ و گۆیژە و دۆڵەمیران دەگرێتەوە.