قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی جەژنی 'چوارشەمبا سۆر' پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی کوردانی ئێزدی کرد و بە پێکهاتەیەکی رەسەنیش ناوی بردوون 

دەقی پەیامەکە: 

بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکان، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان دەکەم. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و سەرەتای ساڵێکی پڕ لە ئارامی و کۆتاییهاتن بە هەموو ئازار و ناخۆشییەکانی ڕابردوو.
 
بۆنە و جەژنەکان هەمیشە دەرفەتێکی باڵان بۆ پتەوکردنی گیانی تەبایی و قووڵکردنەوەی زیاتری ڕەگەکانی پێکەوەژیان لە نێوانماندا.
 
کوردستان بە مۆزاییکی دەوڵەمەندی پێکهاتەکانییەوە دەدرەوشێتەوە و خوشک و برا ئێزدییەکانیشمان، وەک یەکێک لە ڕەسەنترین و دێرینترین پێکهاتەکان، بەشێکی دانەبڕاو و شکۆداری ئەم خاکە و مێژووەکەی پێکدەهێنن.