قائیمقامیەتی قەزای رانیە لە هەڵمەتێکی فراواندا بۆ سەر کۆگایەکی گەورەی کەلوپەلی جوانکاری خانماندا، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر مادەی ماوەبەسەرچوو و بێ کوالێتیدا گرت و شوێنەکەشیان داخست.

لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزای رانیە بڵاویکردەوە، لە پشکنینێکی وردی لێژنەکاندا بۆ "کۆگای عومەر ئەڵمانی"، دەستبەسەر دوو هەزار و 657 ئایتمی جیاوازدا گیرا کە کێشەکەیان نزیکەی یەک تۆن و نیو دەبێت. 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو مادانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە (کریاتین، غسول، زەیتی رۆزماری، سیڕۆم، تاتۆ، دژەخۆر، و سێتی جۆراوجۆری میکیاژ).

قائیمقامیەتی قەزای رانیە ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی راپۆرتی لیژنەکان، خاوەن کۆگاکە چەندین سەرپێچی یاسایی و تەندروستی ئەنجامداوە، لەوانە، سڕینەوە و لێکردنەوەی بەرواری بەسەرچوونی بەشێک لە کاڵاکان، هەروەها کۆگاکە بێ مۆڵەتی رەسمی کاریکردووە و نەبوونی کامێرای چاودێری و مەرجەکانی بەرگری شارستانی یەکێکی ترن لە سەرپێچیەکانی.

قائیمقامیەتی رانیە داوا لە سەرجەم خاوەن ئارایشتگاکان دەکات، ئەگەر کەلوپەلیان لەو کۆگایە کڕیوە، پێویستە پشکنینی بۆ بکەنەوە و ئەو مادانەی بێ بەروار یان گوماناوین بەکاریان نەهێنن، چونکە مەترسییەکی جدی بۆ سەر پێست و تەندروستی خانمان دروست دەکەن.

بڕیار دراوە سەرجەم مادە دەستبەسەرداگیراوەکان تەلەف بکرێن و رێکاری توندی یاسایی بەرانبەر خاوەن کۆگاکە بگیرێتەبەر.