ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆبونەوەی لەگەڵ قائیمقام و بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێر، لەگەڵ ئەنجومەنی بەنزینخانەكان بڕیاریدا بە هەموو شێوەیەک فرۆشتنی بەنزینی بە جلیکانە قەدەغەیە، هۆشداریشیداوە؛ هەرکەس پابەند نەبێت رێکاری یاسای دژی دەگیرێتەبەر.

بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی پارێزگاری هەولێر بڵاویکردوەتەوە، پارێزگار، لە کۆبونەوەی لەگەڵیاندا، دەستخۆشی لە تیمەكانی قائیمقامیەتی ناوەندی و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان کردوە، کە رێگریان کردوە لە سەرپێچی و زێدەڕۆییەکان و توانراوە كۆنتڕۆڵی كۆالێتی بەنزین بۆ ئاستێكی زۆر باش بكرێت.

جەختیشی لە نەهێشتنی سەرپێچی و زێدەڕۆییەكانی بەنزینخانەكان كردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، لە سنووری پارێزگای هەولێر بەهەموو شێوەیەك فرۆشتنی بەنزین بە جلیكان و لەناو ئۆتۆمبێلەكان و لەسەر شەقامەكان رێگەپێدراو نییە و قەدەگەیە.

پارێزگاری هەولێر، هۆشداریشیداوە، كە هەرلایەن و كەسێك بەبێ مۆڵەت و بە هەر شێوەیەك بەنزین بفرۆشێت، رێكاری یاسایی توندی لە بەرانبەردا دەگیرێتەبەر.