كەشناسی هەرێم: بارانی بەخۆڕ دەبارێت و هەورەبروسكە و تەرزەشی لەگەڵدا دەبێت
هادی
١١ی نیسانی ٢٠٢٦
سبەینێ شەپۆلێكی بەهێزی بارانبارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بەپێی پێشبینییەكانیش تەرزە و هەورەبروسكەی لەگەڵدا دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویكردەوە، سەرلەبەیانی سبەینێ ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، بەڵام لە دوای نیوەڕۆ دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ بارینی نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەكاندا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشبینی تاوە بارانی بەخۆڕ دەكرێت و لە هەندێ كاتیشدا هەورەبروسكە و تەرزەی لەگەڵدا دەبێت بە تایبەتیش لە سنووری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری ئیدارەی راپەرین و سنوری گەرمیان و هەندێك ناوچە لە سنوری پارێزگای كەركوك.
هەر بەپێی پێشبینییەكان خێرایی با لە هەندێ كات و شوێن چالاك دەبێت بۆ سەرووی 35 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا.



