سودانی دەستخۆشی لە پارێزگاری کەرکوک دەکات
محەمەد رزگار
٩ی نیسانی ٢٠٢٦
بۆ چارەسەرکردنی کێشە خزمەتگوزارییەکان و رەوشی ئەمنی، سەرۆک وەزیرانی عیراق پێشوازی لە پارێزگاری کەرکوک کرد و هەوڵەکانی بۆ سەقامگیری شارەکە بەرز نرخاند.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە بەغداد پێشوازی لە رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک کرد و پێکەوە رەوشی ئەمنی و خزمەتگوزاریی پارێزگاکەیان تاوتوێ کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عیراق سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی پارێزگاری کەرکووک کرد بۆ ئەو هەوڵانەی کە لە پێناو چەسپاندنی سەقامگیریی ئەمنی و کۆمەڵایەتی داویەتی، هەروەها رۆڵی پارێزگاری بەرز نرخاند لە بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی کەرکووکدا.
لای خۆیەوە، رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، تیشکی خستەسەر ئەو ئاڵنگارییانەی لەم دواییانەدا رووبەڕووی پارێزگاکە بوونەتەوە، پارێزگار لیستێکی لە داواکاری و پێداویستییە بەپەلەکانی کەرکوکی پێشکەش بە سودانی کرد، بە تایبەت ئەو داواکارییانەی کە پەیوەستن بە چارەسەرکردنی زیانەکانی شەپۆلی بارانبارین و لافاوی ئەم دواییەی ناوچەکە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.


