د.مورشید خەزنەوی: مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد ویژدانێك بوو بۆ بەئاگاهێنانەوەی گەل
لاوان
٨ی نیسانی ٢٠٢٦
د.مورشید خەزنەوی دەڵێت، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد تەنها كەسایەتییەكی سیاسی و نووسەر نەبوو، بەڵكو ویژدانێك بوو بۆ بەئاگا هێنانەوەی گەل.
د. مورشید خەزنەوی كەسایەتی ئایینیی رۆژئاوای كوردستان پەیامێكی بۆ 26ەمین ساڵیادی كۆچی دوایی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بڵاوكردەوە كە ئاڕاستەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراقی كردووە و دەڵێت، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد كەسایەتییەكی پێگەبەرز بوو، دەنگێكی دلێر بوو كاتێك رەوشەكە بوێری دەخواست، نووسەرێكی دڵ ناسك بوو كاتێك لەبارەی ئازارەكانی خەڵكەوە دەینووسی، شۆڕشگێڕێك بوو كاتێك كەرامەتی گەلی كورد پێشێل دەكرا.
دەشڵێت، یادی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەكەنەوە وەك ئەوەی هێشتا لەژیاندا مابێت لە هەر وشەیەكدا كە نووسیوێتی، وەك هەر هەڵوێستێك كە هەیبووە لەپێناو ئازادیدا.
د.مورشید خەزنەوی ئاماژەی بەوەشكردووە، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد میراتێكی نەمری لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، میراتێكی وشە كە ناتوانرێت بكڕدرێت، میراتێكی هەڵوێست كە ناتوانرێت چەواشەكاری تێدا بكرێت، لە كۆتایشدا دەڵێت، بۆ هەمیشە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە یادەوەری گەلێك دەمێنێتەوە كە هەرگیز رۆڵە دڵسۆزەكانی لەبیری ناكەن.



