قوباد تاڵەبانی: هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بەشێک دەبێت لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری
سام
٨ی نیسانی ٢٠٢٦
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(8/4/2026) بە ئامادەبوونی نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە هیزە ئەمنییەکان کرد کە بە وردی چاودێری دۆخی ئەمنیی سنوورەکەیان کردووە و توانیوویانە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە سەروماڵی هاوڵاتییان بپارێزن.
جێگری سەرۆکوەزیران داوای لێکردن بۆ لەمەودواش ئاستی هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەهێزتر بکرێت و چاوکراوەتر لە جاران ئاسایش و سەقامگیری سنوورەکە بپارێزن.
سەبارەت بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی هیوای خواست ئەم ئاگربەستەی هاتووەتە ئاراوە، بکرێتە دەرفەتێک بۆ ئاشتی و سەقامگیرییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا. جەختیشی کردەوە لە هەموو حاڵەتێکدا هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بەشێک دەبێت لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.


