راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق دەڵێت، ئەوانەی هەوڵی نانەوەی فیتنە و ئاژاوە دەدەن پێویستە دەستبەجێ بووەستێنرێن.

قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق رایگەیاند، ئەوانەی بوونەتە سەرچاوە بۆ هاندانی فیتنە و چاندنی دووبەرەكی لە نێوان عیراقییەكاندا، پێویستە دەستبەجێ بووەستێنرێن و رێگەیان پێنەدرێت پەرە بە تایفەگەری بدەن.

وتیشی، ئەو كارانە پێشێلكارییەكی ئاشكرای یەكڕیزی وڵات و ئاسایشی نیشتمانی عیراقە و بەپێی یاساش لێپێچینەوە لە هەموو ئەو كەسانە دەكرێت كە بسەلمێنرێت دەستیان لەو كارانەدا هەیە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، عیراق گۆڕەپانێكی یاریكردن نییە بۆئەوەی ئەو كەسانە بە ئارەزووی خۆیان دەستوردانی تێدا بكەن.

پێشتریش محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختیكردەوە لە پێویستی پاراستنی  ئاشتی كۆمەڵایەتی و دووركەوتنەوە لە هەموو و توندوتیژییەك بۆئەوەی لەو رێگەیەوە عیراق پەلكێش نەكرێت بۆ ئەو جەنگەی ناوچەكەی گرتووەتەوە.