د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، جەژنی نەورۆز، بەو رەمزییەتە مێژووییە قووڵەی کە هەیەتی، بەرجەستەکەری ماناکانی نوێبوونەوە و سەرلەنوێ ژیانەوە و ئومێدە، ئاماژەی بەوەشکردوە، لەم بۆنەیەدا شانازیی خۆمان بەو هەمەجۆرییە کولتوری و شارستانییەی وڵاتەکەمان پێی دەناسرێتەوە دەردەبڕین.

بەبۆنەی جەژنی  نەورۆزەوە، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە  و تێیدا هاتووە؛ گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی رۆڵەکانی گەلی کوردمان لە عیراق و تەواوی کوردانی سەرتاسەری جیهان دەکەین بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزی پیرۆز، هیوای تەندروستییەکی باش، خۆشی، خێر و ئاشتی بۆ هەمووان دەخوازین.

ئاماژەی بەوەشکردوە، جەژنی نەورۆز، بەو رەمزییەتە مێژووییە قووڵەی کە هەیەتی، بەرجەستەکەری ماناکانی نوێبوونەوە و سەرلەنوێ ژیانەوە و ئومێدە.

هەروەها رەنگدانەوەی بەهاکانی ئازادی و برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانی یەک گەلە؛ هاوکات دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی گیانی یەکڕیزی نیشتمانی و چەسپاندنی پرەنسیپەکانی خۆشەویستی و لێبوردەیی لەنێوان هەموو مرۆڤەکاندا.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک کۆمار دەڵێت؛ لەم بۆنەیەدا شانازیی خۆمان بەو هەمەجۆرییە کولتووری و شارستانییەی وڵاتەکەمان پێی دەناسرێتەوە دەردەبڕین و جەخت دەکەینەوە لە سەر گرنگیی چەسپاندنی پێکەوەژیان و کارکردنی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلەکەمان بۆ داهاتوویەکی ئارام و گەشاوە.