عراقچی: تێچووی هەفتەیەك شەڕی دژی ئێران 100 ملیار دۆلار بووە لەسەر ئەمریكا
٧ی ئازاری ٢٠٢٦
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، دەستپێشخەرییەكەی پزیشكیان بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێی، لەلایەن ترەمپەوە رەتكراوەتەوە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە، دەستپێشخەرییەكەی مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێی، دەستبەجێ لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوە رەتكرایەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر ترەمپ بەدوای گرژییەوە ئەوە هێزە چەكدارەكانی ئێران زۆر لەمێژە ئامادەن، بەرپرسیارێتی توندبوونەوەی رێككارە خۆپارێزییەكانی ئێرانیش لە ئەستۆی ئەمریكایە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشداوە، تێچووی هەفتەی سەرەتای شەڕی دژی ئێران لەسەر ئەمریكا 100 ملیار دۆلار و گیانی چەند سەربازی گەنجی ئەمریكی بووە، دەشڵێت، ئەنجومەنی نەتەوەیی هەواڵگری ئەمریكا بۆ ترەمپیان روونكردووەتەوە لە شەڕی دژی ئێران، ئەمریكا شكست دەهێنێت.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران دەستپێشخەرییەكی كرد بۆ راگرتنی هێرشی سەر وڵاتانی دراوسێی ئێران، بەومەرجەی لە خاكی ئەو وڵاتانەوە هێرش نەكرێتەسەر ئێران.



