ناتانیاهۆ: نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین
محەمەد رزگار
٧ی ئازاری ٢٠٢٦
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت؛ لە هێرشەکانیان بۆسەر ئێران بەردەوام دەبن تا هەموو ئامانجەکانیان بەدەستدەهێنن.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند، وڵاتەکەی شەو و رۆژ خەریکی کارکردنە لە دژی ئێران و جەختی کردەوە کە ئەم شەڕەی ئێستا زۆر لەوە گەورەترە کە بیری لێ دەکرێتەوە.
وتیشی، "ئێمە خەریکی گۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستین" و ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە بە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی ناوچەکەدا دەبینێت.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، لە هێرشەکانیاندا توانیویانە دەیان سەرکردەی باڵای سوپای پاسداران بکوژن و گورزی کوشندە لە فەرماندەیی ئەو هێزە بوەشێنن.
ناتانیاهۆ هۆشداری دا کە پلانێکی رێکخراو و تۆکمەیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران هەیە و چەندین "سوپڕایز"ی گەورەیان بۆ تاران ئامادە کردووە کە لە کاتی خۆیدا دەردەکەون.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ئۆپەراسیۆنە دەبێتە دەرفەتێک بۆ گەلی ئێران تاوە بتوانن چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە بگرن و لە ژێر دەستی دەسەڵاتی ئێستا رزگاریان بێت.
ناتانیاهۆ جەنگی ئێستای بە "جەنگێکی مێژوویی" وەسف کرد و وتی: "قەبارەی ئەم شەڕە دوو هێندەی جەنگی 12 رۆژەیە و تا بەدەستهێنانی ئامانجەکانمان بەردەوام دەبن."


