ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای فراوانبونی گرژییەکانی ناوچەکە،  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە کۆتایی مانگی شوباتەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتیی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەڕاونەتەوە بۆ  ئەمریکا

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم ئامارە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە،کە گەیشتوونەتەوە ناوخۆی ئەمریکا و ئەو هاووڵاتییانە ناگرێتەوە کە چوونەتە وڵاتانی دیکە یان هێشتا لە رێگەی گەڕانەوەدان.

لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە لەسەر راسپاردەی مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پڕۆسەی گواستنەوەکە لە رێگەی گەشتی ئاسمانی تایبەت و گواستنەوەی وشکانییەوە چڕتر کراوەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کارئاسانیکردن بۆ هاووڵاتییەکانی فۆرمێکی تایبەت بە رەوشی نائاسایی بۆ هاووڵاتییانی لە پێنج وڵاتی ناوچەکە (کوێت، بەحرەین، ئیمارات، قەتەر و عەرەبستانی )کارا کردووە، تاوەکو راستەوخۆ زانیارییان پێبگات سەبارەت بە گەشتەکان و رێکارە ئەمنییەکان.

لە کۆتاییدا وەزارەتەکە جەختی کردوەتەوە،  کە تیمەکانیان بە شێوەی 24 سەعاتی کاردەکەن و  تا ئێستا هاوکارییان پێشکەش بە زیاتر لە 10 هەزار ئەمریکی لە دەرەوەی وڵات کردووە، کە پێدانی ڕرێنمایی ئەمنی و ئاسانکاری سەفەر لەخۆ دەگرێت.