قالیباف: ئەمریکا بەهۆی کەمیی سیستمی بەرگریەوە "بەرگری لە ئیسرائیل" کردووەتە لە پێشینەی کارەکانی
بڵند
٥ی ئازاری ٢٠٢٦
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کە واشنتۆن بەهۆی کورتهێنان لە کۆگاکانی سیستەمی بەرگریدا، ناچار بووە لە ستراتیژیی بەرگری ناوچەکەدا گۆڕانکاری بکات و "بەرگری لە ئیسرائیل" بخاتە پێش هەموو کارە لە پێشینەکانی تری.
قالیباف لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردوەتەوە، کە ئەمریکییەکان بەهۆی کەمیی یەدەگی بەرگرییەوە ئەم بڕیارەیان داوە و پێی وایە باجدەرانی ئەمریکی سەرسام دەبن کاتێک بزانن ستراتیژی "سەرەتا ئیسرائیل" لە ئەجێندای بەرگری وڵاتەکەدایە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشدارییەکی توندی داوەتە واشنتۆن و دەڵێت؛ بەجێهێشتنی بەرژەوەندییەکان و سەربازانی ئەمریکا بەبێ بەرگری لە ناوچەکە، دەرئەنجامی خراپی دەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردوە، کە لێکەوتەکانی ئەم سیاسەتە تەنها لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قەتیس نامێنن، بەڵکو کاریگەرییەکی فراوانتری هەرێمی و نێودەوڵەتییان دەبێت.


