سەرۆکایەتیی کۆماری عیراق: راپەڕین خاڵی وەرچەرخان بوو بەرەو رزگاربوون و دامەزراندنی سیستمی دیموکراسی
٥ی ئازاری ٢٠٢٦
سەرۆکایەتی کۆمار لە یادی سی و پێنجەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەریی گەلی کوردستان پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنن؛ لە کاتێکدا ناوچەکە بە بارودۆخێکی سەخت و دیمەنی جەنگ، وێرانکاری و زیانی مرۆییدا تێدەپەڕێت، داوا لە لایەنە شەڕکەرەکان دەکەین بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پەنا بۆ حیکمەت و لۆژیک ببەن، و ڕێگری بکەن لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ کە تەنها ماڵوێرانی بۆ گەلانی ناوچەکە دەهێنێت .
دەقی پەیامەکەی سەرۆکایەتی کۆمار...
لەیادی سی و پێنجەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەریی گەلی کوردستان لە ٥ ی ئاداری ١٩٩١دا، بە شکۆوە یادی قوربانییە مەزنەکانی گەلە سەربەرزەکەمان دەکەینەوە، کە خەباتیان کرد دژی زوڵم، ستەم و سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەرانبەر بە تەواوی پێکهاتەکانی گەلی عێراق؛ ئەو قوربانییانەی بوونە هۆی ڕزگارکردنی شارەکانی هەرێم لە چنگی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێم.
یەکەمین چەخماخەی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین لە پارێزگای سلێمانییەوە دەستیپێکرد، کە بووە خاڵی وەرچەرخان بۆ ڕزگارکردنی شارەکانی دیکە لە چەوسانەوە و ستەم، و هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسیی فرەیی پەرلەمانی.
لە کاتێکدا ناوچەکە بە بارودۆخێکی سەخت و دیمەنی جەنگ، وێرانکاری و زیانی مرۆییدا تێدەپەڕێت، داوا لە لایەنە شەڕکەرەکان دەکەین بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پەنا بۆ حیکمەت و لۆژیک ببەن، و ڕێگری بکەن لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ کە تەنها ماڵوێرانی بۆ گەلانی ناوچەکە دەهێنێت و دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری.
دووپاتی دەکەینەوە کە عێراق نەبووە و نابێتە بەشێک لە ململانێکان، و ڕێگەش نادات خاکەکەی بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، بەڵکو هەوڵ دەدات پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بخاتە گەڕ بۆ ڕاگرتنی جەنگ و پەنابردن بۆ بژاردەی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە ڕشتنی خوێنی زیاتر.
هیوادارین ئەم بۆنەیە ببێتە هەوێنی بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی لە نێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکان، و چەسپاندنی پایەکانی دیموکراسی و یەکسانی لە نێوان هەموواندا.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی عێراق دادەنەوێنین.
سەرۆکایەتی کۆمار
٢٠٢٦/٣/٥



