پیت هێگسێس رایدەگەیەنێت: ئامانجیان لەم جەنگەدا لەناوبردنی تەواوی تواناکانی ئێرانە و جەختیش دەکاتەوە کە رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

پیت هێگسێس ، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاران لە رابردوودا مەبەستی دانوستان نەبووە، بەڵکو تەنیا کاتی کوشتووە بۆ ئەوەی پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، ئێران سەرقاڵی دروستکردنی موشەک و درۆنی بەهێز بووە تەنیا بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پەرەپێدانی چەکە ئەتۆمییەکانی بکات. لەبارەی قەبارەی هێرشەکانیشەوە، وەزیری جەنگ بە راشکاوی رایگەیاند، هێرشی زۆر کوشندەیان لە ناوخۆی ئێران داوە و بۆ هیچ یەکێک لەو هێرشانەش داوای لێبوردن ناکەن.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئامانجی سەرەکیی وڵاتەکەی لەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا روون کردەوە و ئەوەی خستەڕوو، بەشێکی زۆری هێزی دەریایی و توانای موشەکیی ئێرانیان لە ناوبردووە.

ئاشکراشیکرد،  هێرشەكان بۆسەر ئێران بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسیی نەبووە و هیچ هێزێكمان لەسەر خاكی ئێران نییە .