ئێران: دوژمنان پەشیمان دەکەینەوە لە لێکدانەوە هەڵەکانیان
راهۆز
٢ی ئازاری ٢٠٢٦
لە نوێترین پەیامیدا عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، رایگەیاند؛ کە ئەوان دەستپێشخەری ئەم جەنگە نەبوون و بە توندی بەرگری لە شارستانییەتە شەش هەزار ساڵەییەکەیان دەکەن.
لە نوێترین پەیامدا کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ عەلی لاریجانی لە ئێکس بڵاویکردەوە، ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە "وەک 300 ساڵی رابردوو، ئێران دەستپێشخەری ئەم جەنگە نەبووە". لە پەیامەکەدا هاتووە کە هێزە چەکدارە ئازاکانیان بەشداری هیچ هێرشێکیان نەکردووە، مەگەر تەنها لە حاڵەتی بەرگریکردندا بووبێت. ئەم لێدوانە وەڵامێکە بۆ ئەو تۆمەتانەی کە دەڵێن ئێران هۆکاری تێکچوونی دۆخی ناوچەکەیە.
هەروەها لە بەشێکی تری پەیامەکەدا بە زمانێکی توندەوە هاتووە: "ئێمە بە توندی بەرگری لە خۆمان و شارستانییەتە شەش هەزار ساڵەییەکەمان دەکەین بێ گوێدانە باجەکەی، و وا لە دوژمنان دەکەین پەشیمان ببنەوە لە لێکدانەوە هەڵەکانیان". ئەم پەیامە حەماسییە هەوڵێکی تری تارانە بۆ نیشاندانی خۆڕاگری لە بەرانبەر هێرشە چڕەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هاوکات بۆ بەرزکردنەوەی ورەی ناوخۆیی و جوڵاندنی هەستی نەتەوایەتیی ئێرانییەکانە لەم دۆخە هەستیارەدا.


