سێنتکۆم رایدەگەیەنێت: ئێران بە شێوەیەکی هەڕەمەکی موشەک ئاراستەی سەرانسەری ناوچەکە دەکات.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاند، ئێران بەردەوامە لە هەڵمەتە موشەکییەکانی و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بێسەروبەر موشەک دەگرێتە ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم هێرشە موشەکییانە هیچ ئامانجێکی سەربازیی روون ناپێکن و تەنها دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیری و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی لە وڵاتانی ناوچەکەدا.

هێزەکانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە، ئەرکەکانیان بەردەوامن بۆ لەناوبردنی ئەم هەڕەشانە، هەروەها ئاماژەی بەوەکردوە: "ئیرادەی ئێمە بۆ رووبەڕووبوونەوە لە هەموو کاتێک بەهێزترە."

ئەم لێدوانەی سێنتکۆم لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لە نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و واشنتۆن جەخت لە پاراستنی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دەکاتەوە.