سێنتکۆم: سێ فڕۆکەمان بەهەڵە لەلایەن کوەیتەوە خراونەتە خوارەوە
راهۆز
٢ی ئازاری ٢٠٢٦
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کرد کە سێ فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری ئێف-15 بە هەڵە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کوەیتەوە خراونەتە خوارەوە، بەڵام سەرجەم فڕۆکەوانەکان سەلامەتن.
لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند کە کاتژمێر11:03ی شەوی 1ی ئازار (بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا)، سێ فڕۆکەی جەنگی لە جۆری (F-15E Strike Eagle) کە بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنەکان، لە ئاسمانی کوەیت بە هەڵە خراونەتە خوارەوە.
سێنتکۆم روونیکردووەتەوە کە لە کاتی پێکدادانی تونددا، کە هێرشی فڕۆکە، موشەکی بالیستی و درۆنەکانی ئێرانی تێدابووە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کوەیت بە هەڵە ئەو سێ فڕۆکە ئەمریکییەی کردووەتە ئامانج.
راگەیەندراوەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە هەر شەش فڕۆکەوانەکە (تیمی فڕۆکەکان) بە سەلامەتی خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە و رزگارکراون و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
هاوکات ئاماژەی بەوە کردووە کە کوەیت دانی بەم رووداوەدا ناوە و ئەمریکاش سوپاسی هەوڵەکانی هێزەکانی بەرگریی کوەیت دەکات لە پرۆسەی رزگارکردنەکە و پاڵپشتییەکانیان لەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەدا، و لە ئێستاشدا هۆکاری دروستبوونی ئەو هەڵەیە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. کەوتنەخوارەوەی ئەم سێ فڕۆکە پێشکەوتووەی ئەمریکا نیشانەی ئەوەیە کە ئاسمانی کەنداو بەهۆی چڕیی موشەک و فڕۆکەکانەوە دۆخێکی زۆر مەترسیداری تێدا دروست بووە.



