عیراق داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ 48 کاتژمێری تر درێژکردەوە
راهۆز
٢ی ئازاری ٢٠٢٦
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عیراق بڕیاری دا بە درێژکردنەوەی داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە بەڕووی سەرجەم گەشتەکاندا بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێری دیکە.
لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا کە بڵاوکراوەتەوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عیراق ئاشکرای کرد کە بڕیاری داوە ئاسمانی عیراق بەڕووی سەرجەم فڕۆکە هاتوو، رۆیشتوو و تێپەڕبووەکاندا دابخات. داخستنەکە بۆ ماوەی 48 کاتژمێر دەبێت، کە لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئازاری 2026 دەست پێدەکات و تاوەکو 12:00ی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت، ئەمەش وەک رێکارێکی کاتی و خۆپارێزی بۆ سەلامەتیی گەشتەکان.
دەسەڵاتەکە روونیکردووەتەوە کە ئەم بڕیارە بە پشتبەستنە بە هەڵسەنگاندنی بەردەوامی دۆخی ئەمنی و لە ژێر رۆشنایی پێشهاتەکان و گرژییەکانی ناوچەکە دراوە. هەروەها جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بڕیارەکە دوای پێداچوونەوەیەکی گشتگیر دراوە و بەپێی گۆڕانکارییەکان دووبارە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێتەوە، و هێڵەکانی فڕۆکەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لە هەر نوێکارییەک ئاگادار دەکرێنەوە.



