ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشدارییەکی توند دەداتە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رایدەگەیەنێت کە مەترسیی دزەکردنی تیشکی ئەتۆمی هەیە کە ببێتە هۆی چۆڵکردنی ناوچەی زۆر گەورە، هاوکات ئاشکرای دەکات کە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران پچڕاوە.

لە وتارێکدا بۆ دانیشتنی تایبەتی ئەنجومەنی پارێزەرانی ئاژانسەکە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند کە بە وردی چاودێریی هێرشە سەربازییەکانی ئێران دەکەن بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

ئاماژەی بەوە کرد کە سەنتەری رووداو و فریاگوزاریی ئاژانسەکە (
IEC) کارایە و تیمێکی تایبەت خەریکی هەڵسەنگاندنی دۆخەکەن. بەپێی وتەکانی، تا ئێستا هیچ بەرزبوونەوەیەک لە ئاستی تیشکدانەوە لە وڵاتانی دراوسێی ئێران تۆمار نەکراوە، و هیچ ئاماژەیەکیش نییە بۆ پێکرانی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران وەک بوشەهر و وێستگەی لێکۆڵینەوەی تاران.

بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، هەوڵەکان بۆ پەیوەندیکردن بە دەسەڵاتدارانی رێکخستنی ئەتۆمیی ئێرانەوە بێ وەڵام ماونەتەوە و پەیوەندییەکان پچڕاون، ئاژانسەکەش هیوادارە بە زووترین کات ئەو کەناڵە گرنگەی پەیوەندی دروست ببێتەوە.

بەڕێوەبەری ئاژانسەکە هۆشداریی دا کە جگە لە ئێران، چەندین وڵاتی تری ناوچەکە کە رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە وەک ئیمارات، ئەردەن، سوریا، بەحرەین، عێراق، کوەیت، عومان، قەتەر و سعودیە، خاوەنی وێستگەی ئەتۆمی یان بەرنامەی بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمین، ئەمەش هەڕەشەی سەر سەلامەتیی ئەتۆمی زیاتر دەکات و داوای دانبەخۆدادانی تەواوی لە پرۆسە سەربازییەکاندا کرد.

هاوکات ئاشکرای کرد کە بەشداریی لە دوایین گەڕی دانوستانەکانی جنێڤ کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی، بەڵام بێئاکام بووە. لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە ناتوانن ئەگەری دزەکردنی تیشکی ئەتۆمی رەتبکەنەوە کە لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت و رەنگە پێویست بە چۆڵکردنی ناوچەیەک بکات کە هێندەی شارە گەورەکان یان گەورەتریش بێت، بەڵام ئاژانسەکە ئامادەیە بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو.