رۆیتەرز: ئارامکۆ پاڵاوگەی رەئس تەنورەی داخست.
راهۆز
٢ی ئازاری ٢٠٢٦
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە کە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە پاڵاوگەیەکی نەوتی لە ناوچەی رەئس تەنورە بەهۆی هێرشێکی درۆنەوە داخستووە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد کە کۆمپانیای نەوتی سعودیە (ئارامکۆ)، پاڵاوگەکەی خۆی لە ناوچەی رەئس تەنورە وەک رێکارێکی پێشوەختە و خۆپارێزی داخستووە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە پاڵاوگەکە رووبەڕووی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بووەتەوە. سەرچاوەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لە ئێستادا دۆخەکە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵدایە.
پاڵاوگەی رەئس تەنورە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی سعودیە، بە گەورەترین و کۆنترین پاڵاوگەی نەوتی کۆمپانیای ئارامکۆ دادەنرێت و توانای پاڵاوکردنی رۆژانەی نزیکەی 550 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە. ئەم دامەزراوەیە بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و بوونی گەورەترین تێرمیناڵی هەناردەکردنی نەوتی دەریایی تێیدا، وەک شادەماری وزەی جیهانی دەبینرێت.



