بەریتانیا... خۆپیشاندان دژی پەنابەران دەستیپێکرد
لاوان
١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لە لەندەن زیاتر لە 100 هەزار كەس رێپێوانێكی فراوانیان دەستپێكردووە دژی پەنابەران لە وڵاتەكەیان و داوای ناردنەوەیان دەكەن، لە بەشێكی تری ئەو شارەش خۆپیشاندانێكی هەزاران كەسی دژی ئەو رێپێوانە بەڕێوەدەچێت.
رێپێوانەكە لەلایەن تۆمی رۆبنسن چالاكوانی دیاری راستڕەوەكانەوە رێكخراوە و لەناوەڕاستی لەندەن بەڕێوەدەچێت و تێیدا چەندین دروشم دژی كۆچبەران دەوترێـتەوە و چالاكوانە راستڕەوەكانیش وتار پێشكەش دەكەن.
هاوكات، لە بەشێكی تری لەندەن و بە دیاریكراوی لەنزیك باڵەخانەی پەرلەمانی بەریتانیا ، هەزاران كەس دژی ئەو رێپێوانەی راستڕەوەكان گردبوونەوە، هەروەها دروشمی "بەخێربێن پەنابەرەكان"یان بەرزكردووەتەوە.
رێپێوانی راستڕەوەكان لەدژی پەنابەران و خۆپیشاندان دژی رەگەزپەرستی لە لەندەن تەنها چەند سەد مەترێك دووری نێوانیانە و بۆكۆنترۆڵكردنی دۆخەكەش نزیكەی هەزار و 500 پۆلیسی لە سەرتاسەری شارەكە بڵاوەیان پێكراوە و پشتێنەیەكی ئەمنیشی لەنێوان هەردوولا دروستكراوە.
شەقامەکانی ناوەڕاستی لەندەن پڕ بوون لە ئاڵاکانی بەریتانیا، ئینگلتەرا، سکۆتلەندا و وێڵز. دروشمەکانی سەر ئاڵاکان بریتی بوون لە "بیاننێرنەوە ماڵەوە" و "شانشینی یەکگرتوو یەکبخەن". هەروەها، ژمارەیەک لە چالاکوانانی دژە-ترانسجێندەریش لەنێویاندا ئامادەبوون..