خانمی یەکەمی عیراق و پەیمانگەی گۆتە رێگاکانی بوژاندنەوەی کەلەپووریان تاوتوێ کرد
راهۆز
١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لە دیدارێکدا لە مۆزەخانەی زاموا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، لەگەڵ دکتۆر تۆماس لییەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگەی گۆتە لە هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە و تیایدا تاوتوێی شێوازەکانی بوژاندنەوە و پەرەپێدانی هەوڵەکانی پاراستنی کلتوور، کەلەپوور و شوێنەوارەکانیان کرد.
کۆبوونەوەکە، کە بە ئامادەبوونی خاتوو هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد، سەرپەرشتیاری مۆزەخانەکە بەڕێوەچوو، تەرخان کرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی پتەوکردنی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ پاراستنی میراتی شارستانی.
لە میانی دیدارەکەدا، خانمی یەکەم دەستخۆشی لە هەوڵ و هەنگاوەکانی پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عیراق کرد و رۆڵی پەیمانگەکەی لە رەخساندنی دەرفەتی ئاڵوگۆڕی زانیاری، شارەزایی کلتووری
و پتەوکردنی لێکتێگەیشتن بەرز نرخاند.
لەلایەن خۆیەوە، دکتۆر تۆماس لییەر سەرسامیی خۆی بە مۆزەخانەی زاموا و ئەو خزمەتە گەورەیەی بە هونەری شێوەکاریی کردووە، دەربڕی. هەروەها دەستخۆشیی لە بەڕێوەبەرانی مۆزەخانەکە کرد بۆ گرنگیدان بەم لایەنە شارستانییە و ستایشی شێوازی پاراستنی ئەو خانوە مێژووییەی کرد کە "بە جوانی لە نێوجەرگەی بازاڕدا پارێزگاریی لێ کراوە."