ئۆکراین پاڵاوگەیەکی نەوت لە ناوەڕاستی روسیا دەکاتە ئامانج
راهۆز
١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
بەرپرسێکی روسی رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لەسەر یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگە نەوتییەکانی ناوەڕاستی روسیا کەوتەخوارەوە، کە بووە هۆی دروستبوونی ئاگر و زیانێکی کەم.
رادی خابیرۆڤ، پارێزگاری ناوچەی باشقۆرتۆستان، لە پۆستێکدا لە تێلیگرام نووسیویەتی: "ئەمڕۆ (شەممە) دامەزراوەی باشنیفت روبەروی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەوە و بەهۆیەوە ئاگرێک کەوتەوە."
خابیرۆڤ رونی کردەوە کە یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەسەر شوێنێکی بەرهەمهێنان خرایە خوارەوە، کە بووە هۆی دروستبوونی ئاگر و کار بۆ کوژاندنەوەی دەکرێت. ناوبراو وتیشی کە زیانەکانی دامەزراوەکە کەم بوون و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەپێی ئەوەی ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاوی کردووەتەوە.
شاری ئۆفا، کە دامەزراوە نەوتییەکەی تێدایە، نزیکەی 1400 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئۆکرانیاوە دوورە.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی روسیا و ئۆکراین لە شوباتی 2022ەوە، کیێڤ وەڵامی هێرشەکانی روسیای داوەتەوە بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی روسیا، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی توانای کرێملین بۆ دابینکردنی بودجەی جەنگەکە.
کرێملین لە ساڵی 2016دا کۆمەڵگەی نەوتی ئۆفای وەک "یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵگەکان لە وڵاتەکەدا" وەسف کردبوو، ئاماژەی بەوەشدا بوو کە زیاتر لە 150 جۆر لە بەرهەمە نەوتییەکان بەرهەم دەهێنێت.