تورکیا.. سەرۆک شارەوانییەک و 47 بەرپرسی ئۆپۆزسیۆن دەستگیرکران
راهۆز
١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
دەسەڵاتدارانی تورکیا، ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکی شارەوانیی بایرا پاشا و 47 بەرپرسی دیکەیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرد، ئەمەش وەک بەشێک لە هەڵمەتێکی فراوان دژی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە دێت.
نووسینگەی داواکاری گشتی لە ئەستەنبوڵ فەرمانی دەستگیرکردنەکانی دەرکردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە پەیوەستە بە تۆمەتەکانی "داواکردنی پارە بە زۆر (باج)، بەرتیل، گەندەڵی دارایی، و دەستکاریکردنی گرێبەستەکان" لە شارەوانیی "بایرام پاشا".
لەلایەن خۆیەوە، حەسەن موتڵو، سەرۆکی شارەوانیی بایرام پاشا، لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردەوە و نووسیویەتی: "ئەوەی رودەدات تەنها پڕۆسەیەکی سیاسی و بوختانی بێ بنەمایە." هەروەها روی لە دانیشتووانی ناوچەکە کردووە و دەڵێت: "دانیشتووانی خۆشەویستی بایرام پاشا، دڵنیابن کە پێکەوە بەسەر ئەم بوختان و چەواشەکارییانەدا سەردەکەوین."
لەم چەند مانگەی رابردوودا، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 10 سەرۆک شارەوانیی سەر بە پارتی گەلی کۆماری (CHP)، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن، و سەدان بەرپرسی شارەوانییەکانیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکردووە، کە یەکێک لەوانە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ بوو کە دەستگیرکردنەکەی ناڕەزایەتیی بەرفراوانی لێکەوتەوە.
ئیمامئۆغڵو وەک بەهێزترین رکابەری رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتوو سەیر دەکرێت.
پارتی گەلی کۆماری (CHP) رایگەیاندووە کە ئەم دەستگیرکردن و تۆمەتانە بەشێکن لە هەڵمەتێکی حکومەت کە ئامانج لێی لاوازکردنی ئۆپۆزسیۆن و خۆشکردنی رێگایە بۆ ئەردۆغان تاکو بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. لە بەرامبەردا، حکومەت ئەم بانگەشانە رەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دادگاکانی تورکیا سەربەخۆن.
لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو دادگا لەسەر کەیسێکی گرنگ بڕیار بدات، کە چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکانی کۆنگرەی گشتیی پارتی گەلی کۆماری لە ساڵی 2023 هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش ئەگەری هەیە ببێتە هۆی گۆڕینی سەرکردایەتیی پارتەکە و دروستبوونی پشێوی لەنێویدا.
جێی باسە پارتی گەلی کۆماری لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ساڵی رابردوودا لە تورکیا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا. "بایرام پاشا" یەکێکە لە قەزاکانی ئەستەنبوڵ و دەکەوێتە بەشی ئەوروپیی شارەکە.