وەزارەتی دەرەوەی سوریا، ئەمڕۆ شەممە، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی ئەمنی چاوەڕوانکراو لە نێوان سوریا و ئیسرائیلدا دەکەن لە 25ی ئەیلولی داهاتوودا.

نووسینگەی هەماهەنگی و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی سوریا، لە وەڵامێکدا بۆ ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی سوریا، جەختی کردەوە کە "هیچ بنەمایەک بۆ ئەو دەنگۆیانە نییە" کە باس لە ئیمزاکردنی هەر رێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان هەردوو لادا دەکەن.

پێشتر، رۆژنامەی "ئیندپێندنت عەرەبییە" لە زاری "سەرچاوەی باڵای سورییەوە" بڵاویکردبووەوە کە سوریا و ئیسرائیل بە چاودێریی ئەمریکا لە 25ی ئەیلولی داهاتوودا رێککەوتنێکی ئەمنی واژۆ دەکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممەی رابردوو، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سوریا (سانا) رایگەیاندبوو کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، لە پاریس لەگەڵ وەفدێکی ئیسرائیلیدا کۆبووەتەوە. بەپێی ئاژانسەکە، کۆبوونەوەکە بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەڕێوەچووە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کراوە.

سانا ئاماژەی بەوەشکردبوو کە گفتوگۆکان جەختیان لەسەر راگرتنی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سوریا، بەهێزکردنی سەقامگیری لە باشوری سوریا، چاودێریکردنی ئاگربەست لە پارێزگای سوەیدا، و کاراکردنەوەی رێککەوتنی ساڵی 1974ی جیاکردنەوەی هێزەکان کردووەتەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە درێژکراوەی کۆبوونەوەیەکی هاوشێوە بوو کە لە کۆتایی مانگی تەمموزدا لە پاریس لە نێوان شەیبانی و رۆن دێرمێر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیلدا ئەنجامدرا. هەروەها سەرچاوە دیپلۆماسییەکان باس لە کۆبوونەوەی دیکەی راستەوخۆ دەکەن کە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەچوون.

شایەنی باسە، ئەم پێشهاتانە دوای توندوتیژییە خوێناوییەکانی پارێزگای سوەیدا دێت کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی دروزن، کە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا رویا1600 کەس.