سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسی، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند کە پاریس باڵیۆزی ئیتاڵیای بانگهێشت کردووە دوای ئەوەی بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە گاڵتەی بە پێشنیازەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کرد سەبارەت بە ناردنی سەربازی ئەوروپی بۆ ئۆکراین.

لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێشنیازەکەی ماکرۆن، ماتیۆ سالڤینی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، دەستەواژەیەکی میلانی(ئیتالی) بەکارهێنا کە بە نزیکەیی مانای "لێرە دوورکەوە" دەگەیەنێت.

سالڤینی بە رۆژنامەنووسانی وتبوو: "ئەگەر دەتەوێت خۆت بڕۆ بۆ ئەوێ. کڵاوەکەت لەسەر بکە، چاکەتەکەت لەبەر بکە، تفەنگەکەت هەڵبگرە و بڕۆ بۆ ئۆکراین."

سالڤینی سەرۆکی پارتی "رابیتە"ی راستڕەوە و وەزیری گواستنەوەیە لە حکومەتە پارێزگارەکەی جۆرجیا میلۆنی، و پێشتریش چەندین جار رەخنەی لە ماکرۆن گرتووە، بەتایبەتی سەبارەت بە ئۆکراین.

سەرچاوە دیپلۆماسییەکە ئاماژەی بەوەدا کە باڵیۆزی ئیتاڵیا رۆژی هەینی بانگهێشت کراوە، کە ئەمەش نوێترین گرژییە لە زنجیرەیەک پێکدادانی دیپلۆماسیی نێوان پاریس و رۆمادا.

بە باڵیۆزەکە وتراوە کە ئەم لێدوانانە لەگەڵ کەشی متمانە و پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو وڵاتدا ناگونجێن، هەروەها دژی ئەو پێشکەوتنە دووقۆڵییانەی ئەم دواییەن کە لێکگەیشتنی بەهێزی نێوان هەردوو وڵاتیان دەرخستووە، بەتایبەتی لەبارەی پشتیوانیی پتەو بۆ ئۆکراین.

ئیمانوێل ماکرۆن، کە یەکێکە لە پشتیوانە بەهێزەکانی ئۆکراین دژی جەنگی روسیا، لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی جیهان، بەتایبەتی کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی زیاتر بۆ ئۆکرانیا لە ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەستدا.