دەزگای روپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە زەریای هێمندا و لە نزیک کەناراوەکانی گواتیمالا و ئێلسالڤادۆر روویداوە.

بەپێی زانیارییەکانی دەزگاکە، بوومەلەرزەکە بە گوڕی 6.3 پلەی رێختەر بووە و کاتژمێر 4:14 خولەکی بەرەبەیان لە قووڵاییەکی کەمی 10 کیلۆمەتریدا تۆمارکراوە.

چەقی بوومەلەرزەکە 81 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای بەندەری ئەکاهوتلا لە ئێلسالڤادۆر و 107 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی پۆرتۆ سان خۆسێ لە گواتیمالا دوور بووە.

جێگای ئاماژەیە، ئەکاهوتلا بە بەندەری بازرگانیی سەرەکیی ئێلسالڤادۆر دادەنرێت و پۆرتۆ سان خۆسێش گەورەترین شارۆچکەی کەناراویی گواتیمالایە.

تاکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانەوە رانەگەیەندراوە.