وەزارەتی ناوخۆی سوریا رایگەیاند، ئیدانەی رووداوەكەی نەخۆشخانەی سوەیدا دەكەن و ئەوانەی تێوەگلاون سزا دەدرێن.

وەزارەتی ناوخۆی سوریا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئیدانەی رووداوی كوشتنی كارمەندانی تەندروستی دەكەن كە لە نەخۆشخانەیەكی پارێزگای سوەیدا روویداوە و لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بەردەوامە و ئەوانەی تێوەگلاون بە سزای خۆیان دەگەن بەبێ لەبەرچاوگرتنی لایەنگرییان بۆ هەر لایەنێك.

دەشڵێت، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ بۆ كاروباری ئاسایش، سەرپەرشتی لێكۆڵینەوەكە دەكات بە ئامانجی دەستگیركردنی تاوانبارەكان لە زووترین كاتدا.

ئەوەش لەكاتێكدایە، روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ گرتە ڤیدیۆییەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا تەقە لە كارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەیەكی پارێزگای سوەیدا لە باشوری سوریا دەكرێت و تەرمی دەیان كارمەند لەسەر زەوی كەوتووە.