ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەشداری راستەوخۆی ئەمریکا لە هێرشەکەی ئیسرائیل بە کردەوە، هیچ بوارێکی بۆ متمانە نەهێشتەوە.

هاوکات مەجید تەخت رەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی و ئەندامی شاندی دانوستانکار، ئاماژەی بە ئەگەری کەمکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکان کرد لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا.

دەشڵێت، "تاران دەتوانێت لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و قازانجی هاوبەشدا کاربکات، لەسەر کاتی دیاریکراو بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئاشتیانەلە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان".

بەڵام رەوانچی ئاستی پیتاندنەکەی دیارینەکردووە کە ئێران دەتوانێت کەمیبکاتەوە وتیشی، داواکاری واشنتۆن بۆ راگرتنی تەواوەتی پیتاندن دەبێتە هۆی شکستی هەر رێککەوتنێک.

 

کەناڵەکانی پەیوەندیکردن کراوەن

ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەدا، کەناڵەکانی پەیوەندیکردن لە رێگەی نێوەندگیرێکەوە بە کراوەیی ماونەتەوە، بەڵام وادەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی دیاری نەکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، بەقائی باسی لەوەشکردووە، “متمانەمان بە ئیدارەی ئەمریکا نییە تەنانەت لە کاتی دانوستانیش متمانەمان پێیان نییە".