د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە عەبدولعەزیز کوڕی خالید شەمەری باڵیۆزی شانشینی عەرەبستانی سعودییە لە عیراق کرد و جەختی لە گرنگی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.

لەمیانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە پەیوەندیی برایەتی و هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانیان کرا.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری هاوبەشی نێوان عیراق و شانشینی عەرەبستانی سعودییە و چالاککردنی پەیوەندی و هەماهەنگی لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکانی جێی بایەخی هەردولا بە مەبەستی هێنانەدی ویستی هەردوو گەلی برا بۆ گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی و دامەزراندنی بناغەکانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لای خۆیەوە باڵیۆزی عەرەبستانی سعوودییە پەرۆشی شانشینی عەرەبستانی سعودی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی هاریکاری لەگەڵ عیراق لە ئاستە جیاجیاکاندا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بکات، ئاماژەشیکرد بە قووڵی و مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.