ئەنتۆنی ئەلبانیزی سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا دەنێت.

وتیشی، دانپێدانان بە مەرجی بەڵێنەکانی دەسەڵاتی فەلەستین دەبێت و ئەمە دەرفەتێکە بۆ گەیشتن بە چارەنووسی گەلی فەلەستین و "هیچ ئایندەیەک بۆ حەماس لە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا نییە".

باسی لەوەشکرد، دۆخی غەززە خراپترین رەوشی مرۆیی لە جیهاندا تێپەڕاندووە و ئیسرائیل بەردەوامە لە سەرپێچیکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەشڵێت چارەسەری دوو دەوڵەتی باشترین بژاردەیە.

رونی کردەوە، بە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی وتووە " رەوشەکە پێویستی بە چارەسەرێکی سیاسی هەیە نەک سەربازی".

هاوکات، کریستۆڤەر لوکسۆن سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا رایگەیاند، حکومەتەکەی بیر لە دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستینی دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتەکەی لە مانگی ئەیلولدا بڕیارێکی فەرمی دەدات و لە "هەفتەی سەرکردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا" ناوەڕۆکەکەی دەخاتە روو.